21ی فێوریه، رۆژێك بۆ راپه‌ڕاندن
20 / 2 / 2010
ع. وریا
گرنگیی زمانی دایك وه‌ك یه‌كه‌مین زمان كه تاك به هۆی ئه‌وه‌وه له گه‌ڵ دنیای ده‌وروبه‌ری خۆی پێوه‌ندی ده‌گرێ، له مرۆڤی تێگه‌یشتوو و دیموكرات و، له جیهانی پێشكه‌وتوو و مۆدێرن شاراوه نیه. دابینكردنی مافی خوێندن و فێر بوون به زمانی دایك بۆ تاكه‌كان له زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو و دیمۆكرات دا و، داننان به مافه‌كانی تاك له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانی زگماكی خۆی له قانوونی ئه‌و وڵاتانه و، له په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان دا، به‌ڵگه‌یه بۆ گرنگیدانی مرۆڤایه‌تیی پێگه‌یشتوو به زمانی زگماكی.
له 21ی فێوریه‌ی ئه‌مساڵ دا 10 ساڵ به‌سه‌ر ناودێركرانی ئه‌م رۆژه وه‌ك رۆژی جیهانیی زمانی دایك راده‌برێ. 10 ساڵه له رۆژی 21ی فێوریه‌دا وڵاتانی ئه‌ندامی رێكخراوی یۆنسكۆ له بنكه‌ی ئه‌و رێكخراوه فه‌رهه‌نگییه جیهانییه‌دا، رێز له زمانی زگماك ده‌گرن و گرنگیی فێربوون و فێركردن به‌م زمانه‌و بایه‌خی پارێزگاری له زمانه‌كان دێننه به‌رباس و، ئاوڕ له‌و مافانه ده‌ده‌نه‌وه كه تاكه‌كان و نه‌ته‌وه‌كان به پێی په‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان له بواری كه‌ڵكوه‌رگرتن له زمانی خۆیان دا هه‌یانه.
وڵاتی به‌نگلادیش یه‌كه‌م وڵات بوو كه له نوامبری 1999دا به‌ره‌سمی پێشنیاری به یۆنسكۆ كرد كه رۆژی 21ی فێوریه به‌م ناوه "رۆژی جیهانیی زمانی دایك" ناودێر بكا. گه‌ڵاڵه‌ی پێشنیار كرا‌و له لایه‌ن به‌نگلادێشه‌وه له سێهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی یۆنسكۆدا له لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه په‌سند كرا. هۆی ئه‌وه كه ئه‌م پێشنیاره له لایه‌ن به‌نگلادیشه‌وه خرایه روو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قوربانیدانی ئه‌م وڵاته له رێی به‌ره‌سمی ناسرانی زمانه‌كه‌یان له‌م رۆژه‌دا. زمانی ئه‌م وڵاته 150 میلیۆنییه، به‌نگالییه. به‌نگلادیش پێشتر موسته‌عمه‌ره‌ی ئینگلستان بوو، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ش زمانی ئینگلیزییش له‌م وڵاته‌دا بره‌وی زۆری هه‌بوو. له 21ی فێوریه‌ی 1952دا، ئه‌و كاته‌ی به‌نگلادیش به‌شێك بوو له پاكستان، خوێندكارانی به‌نگلادیش داوایان كرد زمانی به‌نگالی وه‌ك زمانی ره‌سمیی وڵاته‌كه‌یان بناسرێ. له ئاكامی پێداگریی ئه‌وان له سه‌ر داواكه‌یان تێكهه‌ڵچوون رووی دا و 5 خوێندكاری به‌نگلادیشی له پێناوی داوای به‌ره‌سمی ناسرانی زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان دا شه‌هید كران. ئه‌م رووداوه بووه هۆی ئه‌وه به‌نگلادیش وه‌ك یه‌كه‌م وڵات كه له پێناوی زمانه‌كه‌ی دا خه‌باتی كردوه، بناسرێ و هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ش، رۆژی 21ی فێوریه له به‌نگلادیش وه‌كوو "رۆژی شه‌هیدانی زمان" ناسراوه.
گومانی تێدا نیه كه كه‌م نه‌ته‌وه‌ی جیهان هه‌یه به قه‌را كورده‌كان له پێناوی داوا كردنی مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان و یه‌ك له‌وان به ره‌سمی ناسرانی زمانی كوردی‌دا خه‌باتیان كردبێ و قوربانییان دابێ. نه‌ته‌وه‌ی كورد نه‌ك هه‌ر له رابردوودا، به‌ڵكوو هه‌ر ئێستاش له سێ به‌ش له چواربه‌شی نیشتمانه‌كه‌ی‌دا، نه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك ددان به بوونی‌دا نراوه نه زمانه‌كه‌ی به‌ره‌سمی ناسراوه. تا ئێستاش له مافی سه‌ره‌تایی خوێندن به زمانی زگماكی بێبه‌شه. كه‌س نازانێ ژماره‌ی ئه‌و تێكۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ره كوردانه‌ی له رێڕه‌وی خزمه‌تی زمانی كوردی‌دا و، سه‌باره‌ت به فێركردنی ئه‌م زمانه‌و نووسین به كوردی، تووشی ده‌ربه‌ده‌ری و ئه‌شكه‌نجه و ته‌نانه‌ت كوشتن و ئێعدام هاتوون چه‌ندن؟ سه‌دان یا هه‌زاران؟!
به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌گه‌ر هه‌قی ئه‌و گله‌یی‌یه‌شی هه‌بێ كه ناوی نه‌چۆته نێو ریزی شێلگیرترین و پرقوربانیترین نه‌ته‌وه له داكۆكی له زمانه‌كه‌ی و خه‌بات له پێناوی به ره‌سمی ناسرانی دا، دیسان هه‌ر جێی خۆیه‌تی پێشوازی له 21ی فێوریه بكا و ئه‌م رۆژه بكا به ده‌رفه‌تێك بۆ هاوار له چنگ ئه‌و سته‌مه له مێژینه‌یه‌ی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانه‌كه‌ی دا لێی ده‌كرێ.
له 10 ساڵی رابردوودا، له ئێرانیش وه‌ك زۆر شوێنی جیهان، ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له خوێندن به زمانی زگماكی بێبه‌ش كراون، یا رێگه‌ی بووژاندنه‌وه و خزمه‌تی زمانه‌كه‌یان لـێ‌گیراوه، رۆژی جیهانیی زمانی دایكیان كردوه به ده‌رفه‌تێك بۆ له‌قاودانی بێبه‌شیی خۆیان و هێنانه‌گۆڕی داخوازه ره‌واكانیان له‌م پێوه‌ندییه‌دا. كه‌سایه‌تییه رووناكبیر و فه‌رهه‌نگییه‌كانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌كان و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ له‌م بۆنه‌یه‌دا، دژی سه‌ركوتی زمانی و سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نگ هه‌ڵ ده‌بڕن. له 10 ساڵه‌ی ناودێر كردنی 21 فێوریه وه‌ك رۆژی جیهانیی زمانی زگماكی، با هه‌مووی ئێمه كه بێبه‌شیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له خوێندن به زمانی خۆی و، بێ رێزی كردنی ده‌سه‌ڵاتی وڵات به گرنگترین شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان واته زمانه‌كه‌مان، خه‌می هاوبه‌شمانه، با داوا بكه‌ین رێز گرتن له 21ی فێوریه له چوارچێوه‌ی كۆڕ و كۆمه‌ڵی فه‌رهه‌نگی بچێته‌ده‌ر. با ئه‌م بۆنه‌یه بكه‌ین به بۆنه‌یه‌كی گشتی و جه‌ماوه‌ری و، سه‌رجه‌م رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه بنده‌ست و زمان پشتگوێخراوه‌كانی ئێران، له رۆژی جیهانیی زمانی دایك دا، وه‌ده‌ست بێن و بێزاریی خۆیان له سیاسه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و زمانیی ده‌سه‌ڵاتی شۆڤێنیستی ئێران ده‌رببڕن. با داوای به ره‌سمی ناسینی زمانی ئه‌و نه‌ته‌وانه و پێویستیی خوێندن به‌م زمانانه بكه‌ین به داوای میلیۆنی و، بیكه‌ین به هه‌وێنی هێنانی به میلیۆنان خه‌ڵك بۆ نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتێكی پیرۆز.